کوردی

من ساڵی 1983لە سلێمانی لە دایک بووم و لە تەمەنی 12 ساڵییەوە لە فینلاند دەژیم. ئامادەییم تەواو کردووە و خوێندنەکانی پڕۆگرامین و وەرگیڕان تا دوا قۆناغەکانیم بردووە، بەڵام هیشتا بڕوانامەکانم بەدەست نەهێناوە.

لە چەندین بواری جۆراوجۆردا کارم کردووە، بۆ نمونە کتێبخانەی زانکۆ و پەیمانگاکان، ڕێکخراوی یارمەتیدەری پەنابەران، وەرگێڕ و ئێستاش کۆمپانیای خۆمم هەیە. ئارەزووی وەرزش و خوێندنەوە و شەترەنج دەکەم.

هەڵسوڕاوێکی چالاکی کۆمەڵایەتیم و لە چەندین کار و پڕۆژەدا نەخشەم هەبووە و لە لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی چەندین ڕێکخراودام. بۆ نمونە لە ڕێکخراوی بیری ئازادی هێلسینکیدا جێگری سکرتێم و یەکەم کەسم کە فینلاندی نیم و بەو پۆستە بگەم. لە 8.3. ەوە ڕادیۆیەکم بە زمانی کوردی لە شاری هێلسینکی کردەوە، کە هەفتانە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەرنامەکانی بە زمانی کوردی پەخش دەکات.

ساڵی 2012 بۆ یەکەم جار وەک بەربژێرێک بەشداری هەڵبژاردنەکانی شارەوانی هێلسینکیم کرد. نەمتوانی بە ئەنجومەنی شارەوانی بگەم، بەڵام هێندە دەنگم بەدەست هێنا کە لە یەکێک لە لیژنەکانی شارەوانیدا "فێرگای کرێکاران" (خوێندنی گەورەساڵان، کە ساڵانە دەیان هەزار خوێندکاری هەیە) ئەندام بم. ئەندام بوون لەم لیژنەیەدا بەڕچاوڕوونیەکی زۆری پێدام بۆ تێگەشتن لە ئەرک و کارەکانی شارەوانی.

ساڵی 2015 داوای کاندیدبوونم کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فینلاند لەسەر لیستی یەکێتی چەپ. لەبەر ئەوەی ڕێژەی بەربژێران زۆر کەمترە لەوانەی دەخوازن، لە هەڵبژاردنێکی نێوخۆیدا لە ڕیزبەندی بەربژێرەکاندا هەشتەم بووم و وەک کاندیدێک وەرگیرام. لە هەڵبژاردنی قوتابخانەکاندا، کە بۆ تیگەشتن لە پڕۆسەی دیموکراسی بۆ قوتابیانی ناوەندییەکان و ئامادەییەکان ئەنجام دەدرێت، بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرام، بەڵام لە هەڵبژاردنە فەرمییەکەی پەرلەماندا بە داخەوە دەنگی پێویستم نەهێنا.

چالاکی سیاسیم بەچەندین شیوە ئەنجام دەدەم لە کۆمەڵگای فینلاندادا، لە 1.1.2016ەوە بڵاوکراوەی "کانسان ئوتیسێت" کە یەکێکە لە بڵاوکراوە گەورەکانی فینلاند، لاپەڕەی تایبەتی بۆ کردمەوە و چەند هەفتە جارێک لەسەر ڕووداوە جیهانییەکان بۆچوونی خۆم دەنووسم. هەروەها لە "ئوسی سوۆمیش" بڵۆگی خۆمم هەیە. لە سۆسیال میدیاش چالاکم، بە تایبەتی لە تویتەر، کە لە ئێستادا زۆرترین گفتوگۆ سیاسییەکان لەوێوە ئەنجام دەدرێن. بۆ زۆر پانیڵ و سیمینار بانگیشت دەکرێم، بە تایبەتی لەسەر مەسەلەی پەنابەران.

لەم ڤیدیۆیەدا دەتوانن زیاتر ئاشنا بن پێم کە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2017 ئامادەکراوە:

https://www.facebook.com/%D8%A8%D9%86%D8%A7%D8%B1-%D9%85%D8%B3%D8%AA%DB%95%D9%81%D8%A7-323964467940500/